به سه رهاتی یەکێ لە ئەندامانی رێکخراوی چریکهای فدائی خلق سه باره ت به کاک احمدمفتی زاده

به سه رهاتی یەکێ لە ئەندامانی رێکخراوی چریکهای فدائی خه لق،سه باره ت به

کاکه احمدمفتی زاده 

یەکێ لە ئەندامانی رێکخراوی مارکسیستی (چریکهای فدائی خلق) بە ناوی ع ـ ب لە زیندانی ئه وین  بەشی ٣٢٥ قاوشی ٣ دوساڵ لەگەڵ کاک ئەحمەد زیندانی بووە و دیداری فرەی لەگەڵ بووە، دەگێڕێتەوە کە لە بەشەکەی ئەوان ١٦٠ نەفەر بوون ٢٠ نەفەریان لە ناسراوەکانی ئێران بوون، لە ناویاندا کەسانی وەک ئەمیر ئینتیزام و بابەک زەهرایی هەبوون، بابەک زەهرایی لە رابەرانی چریکە فەداییەکانی خەڵق  بوو ، کاتی باسی کاک ئەحمەدی مفتی زادەی دەکرد(بە ئەحمەدی مفتی زادە یا حاجی  ئاغا)ناوی دەبرد، ئەو ، دەڵێت :لە زیندان بۆ ئێمە ئەحمەدی مفتی زادە وەک دەرمانی ئارامبەخش بوو ، ئەو منی شەڕەنگێزی بەرە و خۆی کێشکرد، من فرە تینووی بووم و هەمیشە لە سۆرا‌غیدا بووم.

لە خراپترینەوە تا باشترینی زیندان، هەموو خۆشیان دەویست و رێزیان لێدەگرت، شکۆیەکەی تایبەتی هەبوو، پیاو کوژێ کە ٢٧ کەسی لەسەر جادە بەیەکجار کوشتبوو، کاتێ بەلای ژوورەکەی حاجی ئاغادا تێدەپەڕی لە شەرمەزاریدا سەری دادەخست، ئەحمەدی مفتی زادە لەگەڵ ئەودا میهرەبان بوو، بەڵام ئەو لە شەرما رووی نەدەهات تەماشای چاوەکانی حاجی ئاغا بکات، هەموو زیندانییەکان خواخوایان بوو، حەزیان دەکرد لە راڕەوەکاندا چاویان بە ئەحمەدی موفتی زادە بکەوێ و سڵاوی لێبکەن و تەوقەی لەگەڵدا بکەن، ئەو چەند ساتە کەمە  بۆ ئەوان تا چەند رۆژ بەس بوو تا لەگەڵ بیرەوەری ئەوساتانەدا بژین .

بابەک زەهرایی یاری شەترنجی فرە باش دەزانی، ئاماتۆر بوو وەلی وەک پسپۆڕێک یاری دەکرد، لەگەڵ هەرکەسێکدا یاری بکردبا، هێندە شارەزا بوو دەیزانی، کە بەرامبەرەکەی دەیەوێ بە چ بارێکدا داشەکان بجوڵێنێ ، تەنیا ئەحمەدی مفتی زادە حەریفی بوو، بابەک شانازی بەوە دەکرد کە پاش چەند مانگجارێک لەگەڵ حاجی ئاغا یاری بکات، یارییەکەیان چەندین سەعات درێژەی دەکێشا، کاتێ ئەوان یارییان دەکرد، هەموو زیندانییەکان بێدەنگ لەدەورییان کۆدەبونەوە، هەر کە وەختی نوێژ یا خواردن دەهات، یارییەکەیان وەک خۆی بەجێدەهێشت پاشان دووبارە دەگەڕانەوە سەری.

فرە جوان و پاک و بەلەزەت نانی دەخوارد، بەزۆری ئاوگۆشتمان هەبوو، ئەویش ئاو و نۆک ـ نۆکاوـ بوو، لەپێشدا نۆکەکەی جیا دەکردەوە و ئاوەکەی دەکردە تریت و پاشان خوێیەکی زۆری بە نۆکەکەوە دەکرد و ئەوسا مەیلی دەکرد، ئاخر چ کەسێ پاشماوەی خۆراک دەخوات، هەموو فڕێیان دەدا، بەڵام حاجی ئاغا پاشماوەی خۆراکی فڕێنەدەدا و هەڵی دەگرت و پاشان مەیلی دەکرد .

لەو سەعاتانەی سێ و چواری بەیانیدا ، کاتێ کە شەیتان بەباشی بەسەر مرۆڤەکاندا زاڵ دەبێت و ئیرادەی

ئینسان لاوازە بۆ لەخەو رابوون، ئەگەر بۆری ئاوێک دڵۆپەی بکردبا لە خەو رادە بوو دەیگرتەوە ، دەیفەرموو حەیفە نابێت ئەم نعمەتە بەخۆڕایی بڕوا.

من ئەو کاتە گەنجێکی نەفام بووم وهیچم نەدەزانی، نە قسەیەک نە پرسیارێ، تەنیا لە هەڵسووکەوتی حاجی ئاغا وورد دەبوومەوە، لە خوام دەویست کارێکم پێ بسپێرێ، هەرچەندە فرە حەزم دەکرد وەک کوڕی خۆی خزمەتی بکەم ، بەڵام هیچکاتێک رێگەی نەدا کارێکی بۆ ئەنجام بدەم، چەند جار کاتێ دەچوو بۆ حەمام دەمویست خاولی بۆ بەرم، نەیدە‌هێشت کەس کاری بۆ بکا، هەر کاتێ.

پێداگریمان دەکرد کە کارێکی بۆ ئەنجام بدەین، دەیگووت:کوڕم هێشتا پاکانم توانای رۆشتنیان ماوە، کەواتە دەبێ خۆم کارەکانم ئەنجام بدەم.

 بابە ک زەهرایی پە یوەندیە کی دەروونی لەگەڵ حاجی ئاغا هە بوو، گرفتێکی بۆ پێشهاتبا دەچووە لایمشورەتی پێدەکرد، کاتێ ئیمام خومەینی نامەکەی نووسی بۆ گۆرباتچۆڤ، داوایان لە بابەک زەهرایی کرد کە سەبارەت بە نامەکە بۆچوونی خۆی بەوان بڵێت، ئەگەر بیووتایە قسەکانی ناو نامەکەم قەبوڵە، بەو مانایە دەبوو کە نکۆڵی لە رابوردووی خۆی بکات، ئەگەر رەتی کردبایەوە خۆی توش دەکرد لەگەڵیان، مشورەتی بەئاغای موفتی زادە کرد، ئەو ووتبوی راسگۆیانە بۆچوونی خۆت بڵێ، ئەویش بەوانی وتبوو: ئیمام خومەینی بە باوەڕی خۆی کارێکی باشی کردووە، بەڵام من مارکسیستم، هاو ژوورییەکانی بابەک ئەویان بە گڵاو دەزانی دەیان ووت :خودا رەت دەکاتەوە، بەڵام هەر چەندە لەگەڵ ئاغای مفتی زادە وەک دوو جەمسەری دژ بەیەک بوون، بەڵام بەیەکەوە هەڵیان دەکرد، حاجی ئاغا وەک ئەوانی تر بابەکی بە گڵاو نەدەزانی و لەگەڵیدا میهربان بوو.

 لێپرسراوانی زیندانەکەمان، لە چەقاوەسووە خوێڕیەکانی خوارووی شار بوون، تازە پیا کەوتوو بە پلەیەک گەیشتبوون، ئاسایی هەموو رۆژێک سەرژمێرییان دەکردین، رۆژێک من دەستم لەسەر شانی هاوڕێیەکم دانا بوو، یەکێکیان بە منی ووت: کەربابی گوێرەکە لە بەرچاوی باوکیشت هەروا دادەنیشی؟ دەمیان زۆر پیس بوو، کەسیان بە پیاو نەدەزانی، بەڵام شەرمیان لە حاجی ئاغا دەکرد، لە دەرکەکەیان دەدا تاکو بواری پێیان نەدابا نەدەچوونە ژوورەوە، ئەگەر وەڵامی نەداباوە دەیانزانی کە خەریکی نوێژ کردنە، ئێدی نەدەچوونە ژوورەوە و بێزاریان نەدەکرد، هەرلەدەرگاوانی زیندانەوە بگرە تا زیندانوان و ئەشکەنجەگەرەکان، هەموویان شەرمیان لە ئەحمەدی موفتی زادە دەکرد، لە قەبارەی لەشی نەدەترسان، بەڵکو لە مەعنەوییەت و نیگاکانی شەرمەزار دەبوون. شکەنجەگەرەکانی پەشیمان بوون و شەرمەزار، هەریەکەیان تووشی بەڵایەک بوون، حاجی مەهدی بەهۆی مینەوە(لوغم) سێ ئەندامی لەشی لەدەست دان، ووتبووی ئەمە سزای ئەشکەنجەدانی ئەحمەدی مفتی زادەیە، ژنەفتمان ووتبووی: ئەگەر خۆشبەخت بووینایە ئەشکەنجەدانی ئەحمەدی موفتی زادەیان بە ئێمە نەدەسپارد .

یەکێک لە زیندانییەکان ئەفسەری هێزی هەوایی بوو، لە کودەتادا دەستی هەبوو، لەگەڵ حاجی ئاغا پیکەوە ئەشکەنجە درابوون، دەیووت، من ساڵانێکی زۆر لەناو سوپادا بووم، خەڵکانی جۆراوجۆرم زۆر دییوە،خەڵکانی کەلەڕەق، بێباک، باش، خراپ، بەڵام نەمدییوە کەسێک شکەنجەی بەن، وەبەر زللانی بدەن بەڵام بزەی پێتێ وخەندە لەسەر لێوانی بێت، ئەحمەدی مفتی زادە لە کاتی شکەنجەداندا بە خەندەوە لە شکەنجەگەرەکەی دەڕوانی، بەڵام نە خەندەیەکی گاڵتە ئامێز، بەڵکو بەزەیی بە شکەنجەگەرەکیدا دەهاتەوە و دڵی بۆ بەدبەختی ئەو دەسووتا، هەمووانی خۆشدەویست، ئەوانی دی لەوەوە خۆشەویستی فێر دەبوون، دکتۆر شیرازی کە کورد بوو، لە حەوشەی زیندان نانی دەدا بە مێرولە ، ئەم دەرسەلە حاجی ئاغاوە فێر بووبوو، ئەو دەیوت من ئاساییم، هەموو دەتوانن ببنە ئەحمەدی مفتی زادە، خوا رێگای هیدایەتی لە دەروونی هەموواندا جێگیرکردووە، هەر ئەوەندەی دەوێ چرا هەڵگرین و بەڕیکەوین، سەبارەت بەوەی کە دین چرای هیدایەتە و مرۆڤ چۆن دەبێ دەست پێبکات، ١٣ لاپەڕەی بۆ نووسیووم.

ئەو هەر دەیووت ((ئینسان بن))، ڕێزی لە هەمووان دەگرت، هەمووانی خۆشدەویست،هەمووش ئەویان خۆشدەویست، من نەم بیستووە قسەی خراپی بەکەسێ ووتبێ ، نەم بیستووە کەسێکی نەفرەت کردبێ، ئەو دوژمنەکانیشی نەفرەت نەدەکرد، سەبارەت بە دوژمنەکانی دەیگووت، کوڕم وای دابنێ لە کۆڵانێکەوە تێدەپەڕی، منداڵێک بەردێکت تێدەگرێت و بەر سەرت دەکەوێ و دەشکێت، تۆ چ دەکەی؟ حەقی لێدەکەیتەوە و سەری دەشکێنیتەوە؟نا، ئەمانە منداڵانێکن بەرد دەگرنە منی رێبوار. ئینسانێکی مەزن بوو فرە مەزن، بۆ هەموو ئینسانەکان دەپاڕایەوە و دوعای بۆ دەکردن و دەیگوت خوایە ئەگەر دەکرێ دەرد و ئازاری هەموو ئینسانەکان بدە بەمن تاکەس ئازار و دەردی نەبێ، ئاواتی بوو کە تەنانەت دوژمنەکانیشی بێ دەرد و ئازار بن.

 ئەحمەدی مفتی زادە تاوانێکی نەبوو ئەمانە لەسەر دین و کارکردن بە قورئان زیندانیان کرد بوو، جارێک لە تەلەفزێۆنەوە، چەند منداڵ بە شێوەی کۆڕ قورئانیان دەخوێند، فرە گریا و ووتی، کوڕم! دەبینی ئەمانە گاڵتە بە قورئان دەکەن لە رەفتاردا چەند لە قورئانەوە دوورن، دەیووت تاوانی من بەرگرییە لە قورئان ودینی خوا، حاجی ئاغا دەیووت تەماشای ئەمڕۆ مەکە، هاین لە ناو چواردیواردا، رۆژێک دێت دەبینی ئەندێشەو رێگای من پەیڕەوای زۆری دەبێت،من ئەمڕۆبەدیهاتنی ئەو قسەیەی ئەو دەبینم.

رۆژێک هاتن ووتیان، جگە لە ئاغای مفتی زادە و چەند نەفەری تر ، ئەوانیترتان هەرکەس تاپۆی مۆڵکێک بێنێ ١٠ رۆژ مۆڵەت وەردەگرێ(ئەوان بەهۆی ئەو کاریگەرییەوەکە حاجی ئاغا هەیبوو لەسەر ئەوانی تر، نەیاندەهێشت بچێتە حەوشەی زیندان، بەڵام ئەوانی تر دەچوون)، من تاپۆی موڵکم نەبوو بەڵام رەنگە باوەڕ نەکەن، دەڕۆژ مۆڵەتیان پێدام و لەسەر راسپاردەی حاجی ئاغا لە وەختی خۆیدا گەڕامەوە بۆ زیندان، بەڵام چونکە ناووم لە لیستەکەدا نەبوو، لەوناوە دەریان کردم ، ١٠ رۆژی تریش چوومە مۆڵەت، پاشان خۆیان هاتن بە شوێنمدا، لێپرسراوی زیندانەکە بەمنی ووت: بۆچی خیانەتت کردووە، ووتم من ئەهلی خیانەت نیم، رۆژی دیاریکراو گەڕامەوە، بەڵامرێگەیان پێنەدام. شەوێک لە خەونمدا کوڕێکی یەکساڵەیان پیشاندام، ووتیان ئەمە کوڕی تۆیە، بۆ لێکدانەوەی ئەم خەونە لە حاجی ئاغام پرسی فەرمووی کوڕم! خوا کوڕێکت پێ دەبەخشێ، کاتێک کوڕەکەت دەبێتە یەکساڵ، تۆ لە زیندان ئازاد دەبیت، لەراستیدا هەر ئەوە روویدا.

من زمانی ئینگلیزیم لای ئاغای ئەحمەد سەنگی خوێند، ئەو ٢٠ ساڵ لە دەروەوە بوو، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، ئینگلیزی باش فێرکردم، کەچی شتێکی تری فێرنەکردم، بەڵام ئەحمەدی مفتی زادە هەموو شتێکی بە من دا.

ئەو لەگەڵ هەر کەسێکدا بوایە، دینی فیری ئەو کەسە دەکرد، دەتوانم لەیەک رستەدا بڵێم:((ئەحمەدی مفتی زادە بە مانای واقعی ئینسان بوو))، ئەو باسی دینی نەدەکرد، ووتار بێژ نەبوو، تەنها بە مەعنەویات، بەڕەوشتی، بەکەسایەتی، بە هەیبەتی، دینی دەگەیاند و فێردەکرد، کاتێ خەبەریان داینێ کە لەزیندان ئازاد بووە، تەنانەت ئەوانەشمان کە بەسێدارە حوکم درابوون، بە تەنگ حوکمەکەیانەوە نەبوون، بەڵام لەحەسرەتی، لەدەست چوونی حاجی ئاغا نارەحەت بوون .

 مرۆڤ ئەگەر منداڵی یان هاوسەری بمرێت پاش ١٨ ساڵ، هێدی ‌هێدی لای ئاسای دەبێتەوە، بەلام دوای ١٨ ساڵ هێشتا ئەحمەدی مفتی زادە بۆ من ئاسایی نەبووە، تا ئێستاش یەک رۆژ لە بیر و زەینمدا لانەچووە. من ئینسانێکی باش نیم، بەڵام ناتوانم خیانەت لەکەس بکەم، پارچەپارچەم کەن ناتوانم درۆ لەگەڵ کەسێکدا بکەم

جارێک لە تورکیا، لە ناو کۆمەڵێکدا باسی دین و ئینسان کرا ، من باسی ئەحمەدی مفتی زادەم کرد، هەر کە ناوی ئەوم هێنا لە ناو خەڵکەکەوە یەکێک ووتی: چۆخ بیوە ئادەم دە ، اللە بۆ بەیانکردنی گەورەیی بەکار دەهێنن، لە هەر مەجلیسێکدا دەربارەی دین و ئینسانییەت قسە بکریت من باسی ئەحمەدی مفتی زادە دەکەم، وەک نمونەی ئینسانییەت.

 هەرکەس ئەوی خۆش بوێت خۆشم دەوێت، من شانازی بەوەوە دەکەم کە لە خزمەتی ئەحمەدی مفتی زادەدا بووم، من ئەو کاتە ئەوم دەرک نەدەکرد، ئێستا پاش ١٨ سال دەزانم چ زیانێکم کردووە، دەزانم کە ئێوەش قەدری نازانن(پاش ٣ سەعات قسەکردن)، ئەگەر تا بەیانی سەبارەت بە ئەحمەدی مفتی زادە قسە بکەم، ماندوو نابم، ئەم شەو پاش ١٨ ساڵ خۆشترین شەوی ژیانم بوو.

 لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کە خۆشترین یادگاریی زیندانت چیە؟ ووتی: باشترین یادگاری من ئەوەیە، کە لە پێناوی دیداری ئەحمەدی مفتی زادەدا ، لێدانم خوارد.

وەرگێڕ: سامان رەوەند

سەرنجێک لە وەرگێرەوە:

ـ له‌ ووتارێکدا لەمەو بەر، لەسەر کاکە ئەحمەدی مفتی زادە، باسی کەسایەتی کاکە ئەحمەدم کردووە، سوپاسی خوای گەورە دەکەم کە بۆچوونەکانم لەگەڵ قسەکانی ئەم برادەرە چریکەدا سەبارەت بە کەسایەتی کاک ئەحمەد، یەکدەگرنەوە، ئەو ووتاره‌م لە کوردستانپۆستدا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ رۆژی 7 / 7 / 2012

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=257fedd2

Advertisements

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s

%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: